An Album To Rojava in Kurdish | Dilan Ensemble

 ئەلبۆمێک بۆ ڕۆژئاوا

  شەهریار جەمشیدی هونەرمەندی کەمانچەژەن و ئاوازدانەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانگی ڕابردوو لە وڵاتی کەنادا نوێترین بەرهەمی خۆی بە ناوی «رۆژئاڤا وڵاتی خۆرنشینی منە» بڵاو کردەوە

شەهریار دەرچووی زانکۆی هونەری تارانە کە ساڵی ٢٠١٧ لە (Banf Artists Residency) لە شاری بەنفی کەنادا بەشداریی کردووە. هەروەها سەرپەرشتی تیپی مووزیکی دیلان و ئەندامی گرووپی کەمانچلوە، ئەو بە داهێنەر و ماستری کەمانچە لە تاکەژەنی و ئورکێسترادا ناسراوە و چەندین خەڵاتی هونەریی جیاوازی لە ئەنجومەنی هونەری و ڕۆشنبیریی کەنادا، ئەمریکا و بریتانیا وەرگرتووە، لەوانە خەڵاتی (International Society for Music Education ISME) کە ساڵی ٢٠١٨ لە باکۆیپێتەختی ئازەربایجان پێی بەخشراوە

هەروەها لە چەندین پرۆژەی مووزیک و ڤێستیڤاڵی هونەریدا بەشداریی کردووە، لەوانە ڤێستیڤاڵی «جیهانی موزیکی عەرەب» لە شاری مۆنتریالی کەنادا، لە ڤێستیڤاڵی «چێلو بایینیالی ئامێستردام» هۆلەند و بۆ پێشکەشکردنی «سۆیت سینفونیای یەکگرتن» بۆ کەمانچە و چێلو لەگەڵ «ئۆرکێسترای سیمفۆنیکی شاری وینزۆریی» کەنادا لە ساڵی ٢٠١٩دا. شەهریار وەکوو ئاوازدانەر پێنج ئەلبۆمی خۆی بە تەنیایی ئامادە و بڵاو کردۆتەوە، ئەو بەرهەمانە بریتن لە: «ئەلوەناتی»، «دەنگی کوێستان»، «گوڵی زەرد»، «لایلایەکانی کۆچەرێک» و «وڵاتی خۆرنشینی منە ڕۆژئاڤا». هەروەها سێ ئەلبۆمی لەگەل تیپی کەمانچلۆ تۆمار کردووە بە ناوەکانی «کەمانچلۆ»، «کەمانچلۆی ٢: گەشتی دەریایی» و «سیبەرەکان». لە دوو بەرهەمی هونەرمەندان:  ڕیچارد ڕابێسۆن «ژوان لە تەنجییر» و  بەرهەمی ئاسترا «هایرودین» وەکوو ژەنیاری کەمانچە بەشداریی کردووە. «وڵاتی خۆرنشینی منە ڕۆژئاوا» گێڕانەوەی چیرۆکی کچە کۆچەرێکە بە ناوی «کەمانچە» کە سنوورەکان تێدەپەڕێنێ؛ ئێواران بۆ حەسانەوە لە شوێنێک سەقام دەگرێتەوە و ئینجا بەیانیان پێش هەڵهاتنی هەتاو، سترانێک لەدایک دەبێ و دوای خۆی لەوێندەر بەجێی دەهێڵێت. شەهریار جەمشیدی دەڵێ هەوڵی داوە لە ئەنجامدانی پرۆژەکەدا لە هونەرمەندانی کوردی تاراوگە کەڵک وەربگرێت. وێنەی پشت‌بەرگی ئەم ئالبۆمە بەرهەمی «زارا دۆگان» هونەرمەندی بەناوبانگی باکووری کوردستانە. هەروەها دوو ڤیدیۆمووزیکی «ڤیان» و «فرمێسکەکانی شنگال» بەرهەمی «هیرا چاوکەن» هونەرمەندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی وڵاتی فەرانسەیە

ئەم ئەلبۆمە نۆ تراکی مووزیکی لە خۆ گرتووە، حەوت ئاهەنگیان بۆ تاکەژەنیی کەمانچە و دوو ئاوازی تایبەتیش بۆ گرووپی کەمانچە دانراوە. ئەم دوو ئاهەنگە
بەرهەمی ڤیان پێشکەش کراوە بە ژیانی «ڤیان پەیمان» (گۆلیستان تالی جەنگانلوو)؛ ئەو کچە دەنگبێژ و دلۆڤانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ژیانی ئاسایی و دڵخۆشییە بچووکەکانی بە ئاسانی بە جێ هێشت و لە خەباتی پاراستنی ڕۆژئاوادا بەشداریی کرد و ساڵی ٢٠١٥ لە پێناو ڕزگارکردنی ڕۆژئاوادا، لە ناوچەی کۆبانێ گیانی بەخت کرد.« فرمێسکەکانی شنگال» دیارییەکە بۆ بیرهێنانەوەی ڕووداوی ڕەش و دڵتەزێنی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکانی چیای شنگال و پێشکەش کراوە بە کچان و ژنانی ئازارچێشتووی ئێزیدیی ناوچەی شنگال. جێگای ئاماژەیە ئەم بەرهەمە دوو خەڵاتی تایبەتی لە ئەنجومەنی هونەریی شاری تۆرنتۆ Toronto Arts Council و ئەنجومەنی پارێزگای ئۆنتاریۆ Ontario Arts Council وەرگرتووە و ئەو ئەنجومەنانە لە تۆمارکردنی بەرهەمەکەدا یارمەتیی جەمشیدیان داوە
داهاتی فرۆشی ئەم ئەلبۆمە تەرخان کراوە بۆ ژنانی ئازارچێشتووی شنگال. لینکی ڕاستەوخۆی کرێنی ئۆنلاینی ئەلبۆمی «وڵاتی خۆرنشینی منە ڕۆژئاوا» لە ماڵپەڕی بەندکەمپی شەهریار جەمشیدی لە بەردەستدایە، سی‌دییەکانیش لە وڵاتی کەناداوە و لە ژێر چاودێریی خۆیدا بۆ هەر شۆینێک کە داوا بکرێ، ڕەوانە دەکرێت

بۆ بیستن و بینینی بەرهەمەکانی ئەم هونەرمەندە سەردانی پەیجەکانی لە
سپاتیفای و یوتیوب بکەن

لە گەل رێزی فەراوان بۆ خاتو فرمێسک رەحیم زادە بۆ هەوکاریان لە نۆسینی ئەم بابەتە

تیپی موزیکی دیلان 

٣٠ جۆزەردانی ٢٠٢٠